نەوەی نوێ: کابینەکەی مەسرور و قوباد نایانەوێت لەگەڵ بەغداد رێبکەون

نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت" پارتی و یەکێتی ڕازی نین بە تەوتینکردنی مووچە، دەشیانەوێت وەك بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەغدا بكشێنەوە كە لەم نێوەندەدا تەنها هاوڵاتییان زەرمەندن". دەشڵێت" کابینەکەی مەسرور و قوباد نایانەوێت لەگەڵ بەغداد رێبکەون". 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمشەو دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەخۆران بێ مووچەن و بەهۆی دزی و تاڵانییەکانی پارتی و یەکێتیەوە و ئیلتیزام نەکردنیان بە رێکەوتنەکانەوە لەگەڵ بەغدا، حکومەتی ئیتحادی مووچەی نەناردوە، کەچی هێشتا کابینەکەی مەسرور و قوباد نایانەوێت لەگەڵ بەغدا رێبکەون".

نەوەی نوێ دەشڵێت" لای خەڵکی کوردستان ئاشکرایە کە ئەوەی بە لایانەوە گرنگ نەبێت مووچە و گوزەرانی خەڵکە، هەربۆیە لە هیچ کام لەو خاڵانەی بەغدا داوای دەکات، ئەمان نەرمیان نەنواندوە تا مووچەخۆران لەوە زیاتر بێ مووچە نەبن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەم حکومەتە ماوە بەسەرچووە لە پێناو قوتی خەڵکدا نەوت تەسلیم ناکات، تەنانەت ئامادەنین بەشێکیشی تەسلیم بکەن، هەروەک رازی نین کە ٤٢ هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ هەڵبگرن و باقیەکەی بدەن بە بەغدا و ئامادەش نین بەشێک لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان رادەست بکەن، هاوکات رازیش نین بە تەوتینکردنی مووچە لەسەر بانکە فیدڕاڵیەکان".

هەروەها هاتووە" ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیکەن بانگەشەی هەلبژاردنە لەسەر حسابی قوتی خەڵک، دەیانەوێت وەک نمایش بۆ ماوەیەک بکشێنەوە لە حکومەتی بەغدا لەم کاتی هەڵبژاردنەدا بۆ بانگەشە، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم خەڵکە، ئەگەر ئەم بەناو حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەی هەرێمە دۆخی خەڵک و گوزەرانیان بەلاوە گرنگ بێت ئەوا هێشتا نەچووە بچێت و دەتوانن هەر ئەمشەو لەگەل بەغدا رێکبکەون و خەلک و موچەخۆرانیش لەم دۆخە رزگار بکەن". 



PM:09:11:07/07/2025