ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی کرد لە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق و تاوتوێی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆییدا کرا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە" لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەسەر بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتە ناوچەییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم ناوچەکە بە گشتی کرد".
هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر" یەکخستنی وتار و هەڵوێستەکان و پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراقییەکان".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە" لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تاوتوێی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا، و کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکان، بەپێی چوارچێوە دەستووری و یاساییە کارپێکراوەکان، هەروەها باسیان لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆییدا، بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خواستەکانی گەلی عێراق بێت".