کەجەکە کە باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستانە، میدیاکاران ئاگادار دەکاتەوە لەبەر " دۆخی ئەمنی " روماڵی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە دەگۆڕێت و لەنزیک شوێنی مەراسیمەکە دوای تەواوبوونی، چالاکییەکە لە رێگای شاشەی گەورەوە پێشان دەدرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی کەجەکە شەوی ٧ ی تەموز لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێن " بەهۆکاری بارودۆخی ئەمنییەوە ئەو مەراسیمەی کە چاوەڕوان دەکرا لە پارێزگای سلێمانی بەرێوە بچێت، گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەچوونەکەیدا کرا".
هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووشە " شێوازی پەخشی ڕاستەوخۆ ناکرێت و ڕۆژنامەوانان ناتوانن ڕاستەوخۆ لە مەراسیمەکە ئامادەبن. لە جێگایەکی نزیک مەراسیمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە دوای مەراسیمەکە ڤیدیۆی مەراسیمەکە لەو شاشەیە پێشان دەدرێت. ئەوە تاکە ڕێگایە کە بتوانن زانیاری تێدا بە دەستبهێنن". سەبارەت بەم گۆرانکارییە درەنگ وەختە، کەجەکە دەڵێن" لە دڵەوە داوای لێبوردنتان لێدەکەین، سوپاسی تێگەیشتنتان دەکەین لە بارودۆخەکە. ڕەنگە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە درەنگ وەختەوە کە لە شێوازی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە دەکرێت، ببێتە هۆکاری ئەوەی بەشداری نەکەن لە مەراسیمەکەدا، بە تەواوی لە بڕیارەکەتان تێدەگەین و ڕێز لە بڕیارەکەتان دەگرین".
لە کۆتاییدا کەجەکە دووبارە داوای لێبوردن دەکات و دەڵێت " بۆ هەر نیگەرانییەک کە بەهۆی ئەم دۆخەوە تێدانتا درووست بووبێت. لەسەر ئەم بنەمایە بە بەخشندەییەوە داوای تێگەیشتنتان لێ دەکەین لە دۆخەکە".
ماوەی چەند رۆژێکە کەجەکە کار دەکات بۆ ئەوەی لە مەراسیمی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلادا، زۆترین ژمارەی میدیای جیهانی و ناوخۆی و نوێنەری حزبەکان و کەسایەتییەکان بەشداربن، بەڵام ئەمشەو میدیاکان لە مەراسیمەکە دوورخرانە بەهۆکاری " ئەمنی ".