ڕۆژنامەیەکی عێراقی: هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە ڕێککەوتوون

ڕۆژنامەیەکی عێراقی سەبارەت بە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە پرسی مووچە رایگەیاند" ئومێد هەیە رێككەوتن بكرێت و لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتی عێراقدا بخرێتەڕوو".

ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی تەمموز ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی ئاشکرای کرد" بەغدادو هەولێر بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێن، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران"

ڕۆژنامەکە لە زاری سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکان راگەیاندووە" لە رێککەوتنی سەرەتاییدا هاتووە، دەبێت حکومەتی هەرێم رۆژانە (٣٠٠) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە رێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، لە بەرامبەردا هەرێم رۆژانە (٤٦) هەزار بەرمیل وەردەگرێت بۆ بەکارهێنان و پاڵاوتنی ناوخۆیی." 

سوبحی ئاماژەی بەوەشکردووە" ئومێد هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی واژۆبکرێت و لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەڕوو، کە بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی رابردوو شاندی هەرێم و بەغدا تا درەنگانی شەو نەگەیشتن بە ڕێکەوتن و تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکان باسیان لە نێوەندگیری ئەمریکییەکان و ژمارەیەک سەرکردەی شیعەی عێراقی کرد بۆ جارەسەری پرسەکە".




AM:09:06:08/07/2025