بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، پێنج بەندکراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە" تەیفوور سەلیمی بابامیری، تەمەن ٤٧ ساڵ، سۆران قاسمی، تەمەن ٢٨ ساڵ، پژمان سوڵتانی، تەمەن ٣٠ ساڵ، کاوە ساڵحی، تەمەن ٤٠ ساڵ و ڕزگار بابامیری، تەمەن ٤٢ ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتەکانی بەغی و موحاربه سزای بەندکران و بە تۆمەتی ئەندامییەتی لە گروپە تیرۆریستییەکان هەر یەک سزای ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا".
ڕێکخراوەکە دەشڵێت" هەر یەک لە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانی بە سێ جار سزای سێدارە، ڕزگار بابامیری بە دوو جار سزای سێدارە و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە ئێستا بە بارمتەی پێنج ملیار ئازاد کراوە بە جارێک سزای سێدارە مەحکووم کراون".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم سزایە دوێنێ دووشەممە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەکانی ناوبراوان ڕاگەیەندراوە.
لەم نێوانەدا پژمان سوڵتانی پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە لاوانی پارێزگای ورمێ سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها ڕزگار بەیگزادە بابامیری و سۆران قاسمی بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتن" هەر یەک سزای ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا، کاوە ساڵحی یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لەو تۆمەتانە بێتاوان دەرچوو.
هەنگاو باسی لەوەشکردووە، ئەم کەسانە چەند مانگ دوای بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و هەر لەم پەیوەندییەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند مانگ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کرابوون و بە سەختی ئەشکەنجە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆیان کرابوو.