ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەک لە پێنج وەزیر پێکدێت کە وەزیری پلاندانان سەرۆکایەتی دەکات و دوو وەزیری کورد( یەکێتی و پارتی ) لە نێویاندان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئامادەکردنی پێشنیارێک تا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئەنجومەنی وەزیران جارێکی تر کۆبێتەوەو بڕیار لەسەر ئەو پێشنیارانە بدات.
دەقی هەردوو حکومەتی عێراق و حوکمەتی هەرێمی کوردستان:
دەقی پێشنیازەکانی حکومەتی عێراق:
ناوەکەی: پێشنیازی ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و چارەسەرکردنی کێشە پەیوەندیدارەکان.
یەکەم: ڕادەستکردنی نەوت
ئەلف- قۆناغی یەکەم: دەستپێکردنی دەستبەجێ بە ڕادەستکردنی تەواوی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان (کە بە نزیکەی 236 هەزار بەرمیل ڕۆژانە خەمڵێنراوە) بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/کۆمپانیای سۆمۆ.
با- قۆناغی دووەم (دەستبەجێ دوای قۆناغی یەکەم دەست پێدەکات و ماوەکەی 30 ڕۆژە): هەژمارکردنی بڕی پێویستیی ناوخۆیی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە.
دووەم: ڕادەستکردنی داهاتە نا-نەوتییەکان
ڕادەستکردنی داهاتە نا-نەوتییەکان بەشێوەی مانگانە، بەمەرجێک لە 200 ملیار دینار کەمتر نەبێت، بەپێی خشتەکانی پێداچوونەوەی بودجە.
سێیەم: پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش
پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە، بۆ ماوەیەک کە زۆرترین (٩٠) ڕۆژ بێت، و تەمویلکردن لە کۆتایی ماوەکەدا بە شێوەیەکی یەکجارەکی دەبێت.
چوارەم: پێکهێنانی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی هاوبەش
پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی و تەکنیکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ هەموارکردنی ماددەی (١٣/سێیەم)ی یاسای بودجە.
پێنجەم:
وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست دەکات بە ناردنی مووچەی هەرێم دوای جێبەجێکردنی بڕگەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەم) لەلایەن هەرێمەوە، و دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
ڕوونکردنەوە: ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دوای جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە:
وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمیی هەرێم لەسەر بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە و ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی لیژنەی هاوبەش.
ڕادەستکردنی نەوت بەپێی بڕگەی (یەکەم)، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی هاوبەشی کۆمپانیای سۆمۆ و نوێنەری هەرێم.
ڕادەستکردنی داهاتە نا-نەوتییەکان بەپێی بڕگەی (دووەم)، یان ئەنجامدانی "مقاصە" (یەکلاکردنەوە) لەگەڵ شایستە داراییەکان.
پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بەبانکیکردنی مووچە (توتین).
پێکهێنانی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی بەپێی بڕگەی (چوارەم).
دەقی پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
(ڕەشنووسی ڕێککەوتن - ڕێککەوتی ٧ ی تەموز
یەکەم: ڕادەستکردنی نەوت
ئەلف: قۆناغی یەکەم:
1) ڕادەستکردنی نەوت:
پێشنیازی یەکەم: (لە حاڵەتی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان)
دەستپێکردنی دەستبەجێ بە ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ مەبەستی هەناردەکردن، لە حاڵەتی ڕێککەوتن لەسەر کاری لیژنەی تەکنیکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بۆ هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی (ڕوونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا ٢٨٢ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە 65 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخانکراوە، ئەمەش لەڕێگەی لیژنەی پێوانە و ستانداردە هاوبەشەکانەوە دەبێت).
پێشنیازی دووەم: (لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکان)
دەستپێکردنی دەستبەجێ بە ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە بەردەستە، کە بە ١٠٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەخەمڵێنرێت لە نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم، بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ مەبەستی هەناردەکردن (تا ئەو کاتەی لەسەر بنەمای کاری لیژنەی تەکنیکی هاوبەش ڕێککەوتن دەکرێت بەپێی یاسای هەموارکراوی بودجە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکاندا).
٢) بەکاربردنی ناوخۆیی نەوت:
بەکاربردنی ناوخۆیی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان دەبێت (بەڕێوەبردن و دابەشکردن)، و بڕی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕی ٦٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دادەپۆشرێت.
دووەم: داهاتە نا-نەوتییەکان:
١) بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێم لە ڕادەستکردنی داهاتە فیدراڵییەکان بە گەنجینەی گشتیی فیدراڵی بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی (٥٠% لە ڕسووماتی گومرگی و باجی دەروازە).
سێیەم: خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان:
2) لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەستپێکردنەوەی خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ٢٠٢٥ و مانگەکانی دواتر، تا ئەو کاتەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی پەسەند دەکرێت، و لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵیی باڵا بە ژمارە (٢٢٤/فیدراڵی/٢٠٢٣) و (٢٦٩/فیدراڵی/٢٠٢٣)، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە هۆکار بۆ پشتگوێخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە کاتی خۆیدا، و پێویستیی بەدیهێنانی یەکسانیی کاریگەر لەنێوان مووچەخۆرانی هەرێم و هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی لەڕووی بڕی مووچە و کاتی وەرگرتنی شایستەکانیانەوە.