کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ئەمشەو سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" توانییان پڕۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدا بەڕێوەبەرن و پاش دو ڕۆژ لە تەواوبونی تاقیکردنەوە گشتییەکان، ئاگاداری سەرجەم خوێندكارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە دەکەنەوە کە لە ئێستادا ئەنجامی تاقیکردنەوەی وەزاریی بەردەستە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، خوێندكارانی پۆلی ١٢ بۆ وەرگرتنەوە ئەنجامی تاقیكردنەوە خولی یەکەم بۆ ساڵی خوێندنی ئەمساڵ دەتوان سەردانی ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" (e-halsangandn) بكەن، كە لەسەر هەردو سیستەمی کارپێکردنی Android و IOS بەردەستە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمشەو، بەستەرێک (لینکێک) لە پەیجی فەرمیی وەزارەت دادەنرێت بۆ سەیرکردنەوەی پەڕەی سۆما (وەڵامەکان)، کە خوێندكار دەتوانێت بەشێوازی دیجیتاڵی وەڵامەکانی خۆی و وەڵامی نمونەییی دروست سەیر بکات.
باسی لەوەشکردووە، خوێندكاران دەتوانن لە قوتابخانەکان فۆرمی پەڵپ (اعتراض) پڕ بکاتەوە، لە ڕێکەوتی ٩ی ئەم مانگە تاکو کۆتایی دەوامی فەرمی فەرمانگەکان لە ڕێکەوتی ١٧ی ئەم مانگە بەردەستە.
ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ئەمساڵ تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی ١٢ی ئامادەیی دەستیپێکرد کە زیاتر لە ١١٥ هەزار خوێندكار لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشداری پرۆسەکەیان کرد.
هەروەها بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بۆ ئەمساڵ دەرچووە یەكەمەكانی قۆناغی ١٢ی ئامادەی بڵاوناکرێتەوە و نمرەكانیان ئاشكرا ناکرێن.