کۆڵبەرێک بەتەقەی هێزە ئەمنیەكان كوژرا

لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەنجێک لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" خالید محەممەدی تەمەن ٢٣ ساڵان، خەڵکی گوندی ئەنجێنەی بانە، بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە". 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئێران بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێکردوون، ئەو بارەی خالید محەممەدی و کۆڵبەرانی دیکە گواستوویانەتەوە، کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ بووە و خالید محەممەدی تەلەڤزیۆنێکی پێ بووە.

بەپێی ئامارێک، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم ٣٠ کۆڵبەر لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان کوژراون کە ١٣یان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون. 



PM:10:00:08/07/2025