تا ئێستا خورشید هەرکی دەستگیرنەکراوە

‌وێنەی کەسێکی هێزە ئەمنییەکان کە خۆی رادەستدەکات- خورشید هەرکی

پاش شەڕێکی سەختی چەند کاتژمێری لە قەزای خەبات لە نێوان خێڵێکی هەرکی و هێزە ئەمنیەکانی هەولێردا، کە تیایدا دوو کەس کوژراون و پێنج کەس برینداربوون، بەڵام تا ئێستا داواکراو خورشید هەرکی سەرۆکی خێڵەکە دەستگیرنەکراوە.

بە پێی زانیاریەکانی سپی هەرچەندە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەڕ ڕاگیراوە و جۆرە ئارامیەک لە ئارادایە، بەڵام تا ئێستا خورشید هەرکی خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنیەکان نەکردوە.
 
شەوی ڕابردوو وەفدێکی حزبی سەردانی خورشید هەرکی و گەورە پیاوانی ئەو خێڵەیان کرد لە قەزای خەبات( ٣٥کم لە ڕۆژئاوای هەولێرە)  بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕەکە و چارەسەرکردنی کێشەکە لە رێگای یاساوە، هەرچەندە خورشید هەرکی ڕایگەیاندوە کە دەیەوێت کێشەکە لە ڕێی یاساوە چارەسەر بکات، بەڵام تا ئێستا خۆی ڕادەست نەکردوە و هێزە ئەمنیەکانیش چواردەوری ماڵیان گرتووە.

ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٨ی تەموز بە هۆی خۆڕادەستنەکردنی خورشید هەرکی شەڕێكی قورس بە چەکی سوک و مام ناوەندی لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و چەکدارەکانی ئەو خێڵە ڕوویدا و چەند ئوتومبێلێکی هێزە ئەمنیەکان پەکخراو و چەند کەسێکیان بە دیل گیران، هاوکات چەکدارێکی خێڵەکە و کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکانیش کوژرا.

ئەم کێشەیە لە نێوان خێڵی هەرکی و گۆراندا لەسەر موڵک بووە، دادگا فەرمانی دەکردووە بۆ دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکادا شەڕ هەڵگیرساوە.

قەزای خەبات ماوەیەکی زۆرە بە هۆی چەکی نایاسایەوە کە بە دەست خەڵک و بنەماڵەکانەوەیە بە دۆخێکی نا ئارامدا تێدەپەڕێت، ناو بە ناو تەقە و پێکدادان دروست دەبێت و دۆخێکی ناسروشتی لە قەزاکەدا دروستکردوە، تا ئێستاش حکومەت دەستەوسانە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخە.



AM:11:46:09/07/2025