وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامی گفتگۆکانی لەگەڵ شاندی هەرێم ئاشکرا کرد

پلاندانانی عێراق دەڵێت” هەناردەی نەوت، رادەستکردنی داهاتی نانەوتی، مووچەی فەرمانبەران و تەوتینکردن تەوەری کۆبوونەوەکانمان بووە لەگەڵ شاندی هەرێم ”.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی حوزەیران وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی وزاری بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو لەسەر چەند تەوەرێک بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشداوە، گفتوگۆکان لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەکارهێنانی نەوت بۆ ناوخۆی هەرێم، رادەستکردنی داهاتی نانەوتی، هەروەها مووچەی فەرمانبەران و تەوتینکردنی بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان بوون.

بەپێی بڵاوکراوەکە، لیژنەکە جەختی لەسەر بەردەوامی گفتوگۆکان کردووەتەوە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرکردنی خێرای ئەو بابەتانە، بە شێوەیەک کە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران نەیتوانی لەبارەی مووچەی هەرێم بڕیار بدا و لە بەرانبەردا بڕیاریدا بە دیاریکردنی لێژنەیەک کە لە پێنج وەزارەت پێکهاتووە بۆ دانوستان لەگەڵ شاندی هەرێم، دواتریش ئەنجامی دانوستانەکان دەخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی مووچەی هەرێم بدرێت".



PM:06:50:09/07/2025