دادگای فیدراڵی ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە بارەی فەرمانی سالاری بۆ ناردنی مووچە کۆدەبێتەوە

 


دادگای فیدراڵی ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لە بارەی فەرمانی سالاری بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 

بەپێی خشتەی کارەکانی دادگای فیدراڵی، دادگاکە رۆژی ١٤ی ئەم مانگەی دیاریكردووە بۆ كۆبوونەوە لەبارەی سكاڵایەك كە لەلایەن فەرمانبەررانی هەرێمەوە پێشكەشەكراوە. 

لە سکاڵاکەدا داوای  فەرمان سالاری كراوە لە دادگا، بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە پێدانی دەستبەجێ مووچە بە فەرمانبەران و خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی کێشەکانی ئەو داوایە یەکلایی دەبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی ٧٠ ڕۆژ دەبێت مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە و تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بوونی نییە کە بەغداد و هەولێر بگەنە ڕێککەوتن و مووچە دابەشبکرێت. 


 




AM:10:39:10/07/2025