ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەنێت" حکومەتی فیدراڵ جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران". داواشی کرد بە زووترین کات کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەڤەری بارزان، سەبارەت بە کێشەیی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی ناوچەکە گفتوگۆمان کردووە ئەو ڕێوشوێنە ئەرێنییانەی عێراق گیراونەتە بەر سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سیاسی هەرێم بەگشتی".
ئەعرەجی ڕاشیگەیاند" پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەر بکرێن".
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییە ناوخۆییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەدات.
دەشڵێت" ئێمە جدیین لە چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دیارترینیان پرسی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمە".
ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا لیژنەیەکی باڵای وەزاری پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بەخێرایی ئەو بابەتە چارەسەربکرێت.
ئەعرەجی جەختیشیکردەوە کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆران، پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێن.
بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق ماوەی نزیکەی ٧٠ ڕۆژە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی هەردوو مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و تائێستاش هیچ ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان.