ئاماری هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی ئاماری شەش مانگی رابردووە هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە  لە ١ی کانوونی دووەم بۆ ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا (١،٦٧٨) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

ڕێکخراوەکە روونیشی دەکاتەوە لەو ماوەیەدا (١،٤٨٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، (١٤٠) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، (٥٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووشە"بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، (٩) هاووڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی بە شێوەیەک (٣) هاووڵاتی شەهید و (٦) هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا (١،٢٣٢) هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران، (٣٩٧) هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، (٤٣) هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، (٥) هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و (١) هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە.

روونیشکراوەتەوە بە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، (٥٥٠) هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە (٥٤١) هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و (٩) هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون. بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەشدا هاتووە"لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە".




PM:11:58:10/07/2025