ئەمڕۆ هەینی بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن.
دوای بانگەوازییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بڕیارە ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی چەکدانانی گروپێکی گەریلا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبچێت کە ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی.
هەروەها لە مەراسیمەکەدا نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و تورکیا، ڕۆژنامەنووسان لە ئاستی ناوخۆی، هەرێمی و نێودەوڵەتی، ڕۆژشنبیران، چاودێران بەشداری تێدا دەکەن.
هاوکات شاندێکی دەزگای هەواڵگیری عێراقیش بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکات.
بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە کەجەکە پێشتر بڕیاریدا کە ڕۆژنامەنووسان ڕاستەوخۆ ناتوانن ڕووماڵی مەراسیمەکە بکەن، بەڵکو لە شوێنێکی نزیکی مەراسیمەکە لە ڕێگەی شاشەوە پاش بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە دیمەنی تۆمارکراو پێشکەش بە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت.
ئەم هەنگاوە دوای بانگەوازێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دێت کە داوای لێکردن کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن.