هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە”، كە یەكێك بوو لەو ٣٠ گەریلایەی ئەمڕۆ لە ئەشكەوتی جاسەنەی سلێمانی چەكەكانیان سووتاند ڕایدەگەیەنێت، داوا لە دەوڵەتی توركیا دەكەین مافی بەشداریكردنمان لە سیاسەتی دیموكراتیدا پێ بدات.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كەجەكە بۆ ئانسی هەواڵی فەرەنسا (فرانس پرێس) ڕایگەیاندووە، ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لەرێگەی گەرەنتی یاساییەوە، كارێكی پێویستە و ئەوە مەرج و داواكاری سەرەكی ئێمەیە، چونكە بەبێ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، تا رادەیەكی زۆر پێشبینی ناكرێت پڕۆسەكە بە سەركەوتوویی بەردەوام بێت.
ڕاشیگەیاندووە، داوا لە دەوڵەتی توركیا دەكەین مافی بەشداریكردنمان لە سیاسەتی دیموكراتیدا پێ بدات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی بچینەوە بۆ توركیا بۆ بەشداریكردن لە سیاسەتی دیموكراتی و ئەمەمان دەوێت بۆ بەردەوامیدان بە تێكۆشان لە پێناو ئازادی و دیموكراتی و بەهێزكردنی هاوبەشیی دیموكراتی لە توركیادا.
جەختیشی كردۆتەوە، گەریلا پێویستی بە گەرەنتی ئەمنیی هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ توركیا، بەبێ گەرەنتی یاسایی و دەستوریی چارەنووسمان زیندان و مردنە.