دەم پارتی رایگەیاند"ئێستا کاتی چڕکردنەوەی خەباتە بۆ سیاسەتی دیموکراسیە"، دەشڵێت" ئەم کارەی ئەمڕۆ خاڵێکی وەچەرخان بوو لە مێژووی سەد ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا".
ئەمڕۆ هەینی ١١ی تەممووزی ٢٠٢٥، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە سنووری سلێمانی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە هەنگاو بنێین بۆ تورکیایەکی دیموکراسی، هەروەها ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ چڕکردنەوەی خەبات بۆ سیاسەتی دیموکراسی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ئەو پرۆسەیەی ئەمڕۆ دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەڕی پەکەکە دەستی پێکرد، هەروەها سەردەمێکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد و بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراسی هاتە ئاراوە.
جەختی لەوە کردەوە، نەک تەنیا پرسی کورد، بەڵکو هەموو کێشەکانی تورکیا بە ڕێگەی دیموکراسی چارەسەر دەبن. وتیشی" ئاشتی دەستکەوتی هاوبەشی ئێمەیە".
دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ گرووپێکی سەر بە پەکەکە چەکەکانیان سوتاند، ئەم کارەش خاڵێکی وەچەرخان بوو لە مێژووی سەد ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا.