فراکسیۆنی یەکێتیی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات وپەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت "لە پرۆسەی سیاسی عێراق ناکشێینەوە".
بڕیارە سبەینێ شەممە ١٢ی تەمموز، پەرلەمانی عیراق کۆببێتەوە و بە پێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای دامەزراوەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ئەتۆم و تیشکدانەوەی ماددە کیمیایی و بایۆلۆجییەکان دەکات.
هەروەها لە دانیشتنەکەدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری سێیەمی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی رژێمی پێشوو کە بەشێک لە جەستەیان لە دەستداوە دەکات و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای یەکخستنی نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان زۆربەی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی تریش بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن.
لەو بارەیەوە غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی بە میدیای یەکێتیی راگەیاند" لەپێناو چارەسەركردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان سەرجەم هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە و چارەسەری كێشەكان هەر بە دانوستان و لێكتێگەیشتن دەبێت".
ڕاشیگەیاند" یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراق ناکشێتەوە و پێیان وایە مانەوەو گفوگۆکردن بە چارەسەری کێشەکان دەزانن".
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر میدیاکانی پارتی بڵاویانکردەوە ئەگەر لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر حکومەتی عێراق رەزامەندی نەدات لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە باسیان لەوەش کردبوو کە لەو هەنگاوەدا یەکێتیش لەگەڵیان دەبن.