"تێکۆشان و ئازایەتی لەیلا زانا هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە"

سەرۆکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت" تێکۆشان و ئازایەتی لەیلا زانا هەمیشە بە زیندوویی لە لای دەمێنێتەوە". 

ئەمڕۆ شەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی لە دەباشان پێشوازی لە لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد کرد.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە" وەکو چۆن لای مام جەلال ژنێکی قارەمانی کورد بوویت و هەمووکات باسی بوێری تۆی لەسەر زار بوو، لای ئێمەش تێکۆشان و ئازایەتی تۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە دەڵێت" خۆشحاڵین ئەنجامی هەوڵەکانمان گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تەنیا بژاردە بۆ  سەقامگیریی ناوچەکە چارەسەرکردنی پرسی کوردە بە گفتوگۆ".

لای خۆیەوە، لەیلا زانا سوپاسی یەکێتی کرد لە پای ئەو هەوڵ و کۆششانەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەیدات و وتی" هەرگیز لە یادی ناکەین کە مام جەلال یەکەم سەرکردە بوو دەستیکرد بە چارەسەرکردنی ئەم پرسە مێژووییە و دڵخۆشم ئێستا بافڵ تاڵەبانیش لەسەر هەمان رێباز هەوڵەکانی بەردەوامە و شانازیی دەکەین بەو رۆڵە کاریگەرەی دەیگێڕێت لەم کاتە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت".



PM:08:53:12/07/2025