دادگای فیدراڵی دەربارەی دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەک کۆبێتەوە کە لە دژی بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
لە سکاڵاکەدا کە لە سەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە هاتووە، دانیشتنەکەی ڕۆژی ٢ی ١٢ی ٢٠٢٤ کە دەبوو دەستەی سەرۆکایەتی تێدا هەڵبژێردرێت تەواو نەبووە، بۆیە داوا کراوە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و ئەو ئیمتیازاتە داراییانەی کە پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان بسەندرێتەوە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پابەند بکرێت بە ئامادەکاری بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە نزیکترین کاتدا.
لە سکاڵای دووەمیشدا کە لە دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی سەرۆکی هەرێم کراوە کە بووەتە ڕێگر لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپییەوە لە دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە، خولی شەشەمی پەرلەمان پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەماوەی ٤٥ رۆژدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.
عومەر گوڵپی داوادەکات، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرجەم ئەو مووچە و پاداشتانەی دراون بە پەرلەمانتاران لێیان وەربگیرێتەوە.
هەروەها داوادەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەند بکرێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بکات.
سكاڵای دووەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.