حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی مووچە کۆبووەوە

لە هەولێر کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بۆ تاوتوێی پرسی مووچە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی تەمووز بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی موچە لە هەولێر ئەنجامدرا.

بەگوێرەی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە" حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە، کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و رەوشی ژیانی موچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، کاری لە پێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی".

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە. 




PM:02:30:13/07/2025