بەرپرسێکی عێراقی ڕێکاری چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێم دەخاتەرو

ڕاوێژکارێکی نوری مالكی دەڵێت: "هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان چڕکراونەتەوە"، دەشڵێت" پێویستە بیر لەکشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی‌ و لێکدورکەوتنەوە نەکەینەوە".

عەباس موسەوی، ڕاوێژکاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالکی سەرۆكایەتی دەكات، "پێویستە هەردولا هەوڵی هاوبەش بدەن هەم حکومەتی هەرێم‌ و هەمیش حکومەتی فیدڕاڵی، پێویستە بیر لەکشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی‌ و لێکدورکەوتنەوە نەکەینەوە
”.


وتوشیه‌تی: "دەبێت کێشەکان چارەسەر بکەین، نیازپاکی باش هەیە و هەمووان کۆکین لەسەرئەوەی نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بەکێشەی سیاسی بکرێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، "دەکرێت مانگێک بۆ سێ مانگ مووچە بنێردرێت ‌و لەو ماوەیەدا لیژنەیەکی باڵا و گەورە بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت ‌و غاز و چارەسەری کۆی کێشەکانی دیکە پێکبهێنرێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئێمە بەبرسیکردنی گەلی کورد ڕازی نین ‌و هەوڵی باش بۆ چارەسەری کێشەکان نراون، بۆیەش ئومێد هەیە کە لەچەند ڕۆژی کەمی داهاتوودا بگەینە ئەنجام.

ماوەی 73 ڕۆژە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دواكەوتووە و بەغدا پارە نانێرێت و مەرجەكانی بریتین لە (ڕادەست كردنی نەوت و تەوتین و داهاتی ناوخۆ)، سەرەڕای هەوڵەکانیش لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دادگای فیدڕاڵی‌ و پەرلەمانی عێراق، بەڵام تائێستا بڕیاری ناردنی مووچە نەدراوە و حكومەتی هەرێمیش بە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت مووچە دابەش ناكات و دەڵێت: بەش ناكات.




PM:04:38:13/07/2025