بڕیارە ئەمشەو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە، پرسی مووچەی هەرێمی كوردستان تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوە دەبێت.
میدیاکانی نزیک لە پارتی ڕاینگەیاند'' وەزیرە كوردەكانی حكومەتی فیدراڵ و فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەری، لەگەڵ د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە.''
بەپێی زانیارییەکان، فراكسیۆنی نەوەی نوێ بەشداری ئەم كۆبوونەوەیە ناكات.
لەلایەکی دیکەوە: ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لە هەولێر کۆبووەوە کە تایبەت بوو بە دابینکردنی مووچە و ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە 70 ڕۆژە دەبێت مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە و تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بوونی نییە کە بەغداد و هەولێر بگەنە ڕێککەوتن و مووچە دابەشبکرێت.