وەزارەتی پلاندانانی هەرێم بڵاویكردەوە، خەرجکردنی شایستەی دارایی بژمێرەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پلاندانان، لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوو دوای هەوڵێکی زۆر و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن وەزیری پلاندانانی هەرێم و بریکاری وەزارەت، توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکومەتی عێراق وەربگیرێ.
رێکارە کارگێڕی و داراییەکان تەواو کراون و لەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان هەڵدەستن بە ڕێکخستنی کارەکانیان بۆ دابەشکردنی ئەو شایستە داراییانە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا.
لە کاتێکدا، زیاتر لە 13 ملیار دینار ماوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، تایبەت بەو خەرجییانەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرباری ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی پێ دەرچووە.