کەشناسێک پێشبینی دەکات، لەم دوو شەمەیەوە تاوەکو ڕۆژانی داهاتوو پەلەکانی گەرما نزم دەبەنەوە و لە هەندێک ناوچە باران دەبارێت.
ئاراس جەبار، کەشناس، ڕایگەیاند'' لە سبەی ١٤ی تەمووز بۆ رۆژانی داهاتوو لەئەنجامی کاریگەری بارستە هەوای دەریای ناوەراست بۆ سەر ناوچەکانمان پلەکانی گەرما ڕوو لەنزمبوونەوە ئەکاتەوە و گەرمای بەتین تا رادەیەک کەمدەبێتەوە بەڕێژەی ٢ بۆ ٤ پلە.''
وتیشی'' لەماوەی کاتەکانی سبەی دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە ، وە رۆژی سێشەمە لە کاتەکانی نێوان ئێوارە بۆ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەمە ناوبەناو لەهەندێ شوێندا بەتایبەت ناوچە شاخاویەکانی باکوری پاڕێزگای هەولێر و دەڤەری بادینان و ئیدارەی سۆران و سنوری پاڕیزگای سلێمانی ئەگەر هەیە بارانی هاوینەیی دروستببێت و هەورە بروسکەش چالاکە بێت رێژەی بارانەکە بەگشتی کەمەبێت .''
ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە لەهەندێ شوێندا رێژەیەکی زۆریش باران ببارێ بە شێوەی تاوە بارانی بەخوڕ ، وە بوونی هەورە بروسکەی بنکە بەرز لەم کاتەدا کە بارانەکانیان بەکەمی یان ناگاتە رووی زەوی ئەمانەش هەندێ مەترسیدارن بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دەشتەکان و ناوچە شاخاویەکان کاتێک چالاکەبن هەورە بروسکەیەکی زۆریان لێدەردەچێت و بەهێزترن لە هەورە بروسکەی وەرزی بەهار .