هەوڵی سازدانی خۆپیشاندان لە هەولێر و سلێمانی دەدرێت و هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێدەکەن‌و چەند چالاکوانێکی ناسراو دەستگیر دەکرێن

‌وێنەی کوژرانی هاوڵاتییەکەی وەرتێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
ئەمڕۆ دوو شەممە لە هەولێر ژمارەیەک هاوڵاتی بڕیاریانداوە لەبەر نەبوونی کارەبا و ئاو خزمەتگوزارییەکانی خۆپیشاندان بکەن، هاوکات بە هەمان شێوەش لە سلێمانی، بەڵام لە هەولێر هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە خەڵکەکە کردووەو هێرشیان کردۆتە سەر رۆژنامەنووسی ئێن ئارتی و رۆژنامەنووسی ئاپۆراو چەند میدیاکارێکی تر و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە، لە سلێمانیش هێزە ئەمنییەکان رێگایان نەدا خۆپیشاندانێک سازبکرێت کە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆوە بانگەشەی بۆ کرابوو.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەمڕۆ لەهەولێر هەوڵی خۆپیشاندان دراوە لەبەر نەبوونی ئاو و کارەبا و لەکاتی سازدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە دوو سایتی عەدالە، هێزە ئەمنییەکان جگە لەوەی نەیانهێشتووە خۆپیشاندانەکە سازبکرێت، هاوکات پەلاماری پەیامنێری کەناڵ ئێن ئارتی و پەیامنێری ئاپۆرانیوز و وێستگە نیوز و زوومی هەولێر و زوومیان داوەو دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیدا گرتووەو سێ چالاکوان؛ د. رەعد و د. بەیاد عەلی و رۆژنامەنووسێک بەناوی کاروانەوە دەستگیرکراون.

لە شارۆچکەی ئاشتیش لە نزیک کۆیە خۆپیشاندانە و خەڵکەکە رێگای سەرەکی نێوان ئاشتی و تەقتەقیان گرتووەو ناهێڵن بارهەڵگریەکانی تێپەڕێت.

شەوی رابردووش لە شارۆچکەی وەرتێ بۆ دووەمجار خۆپیشاندان سازکرا، هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوەو خەڵکیش بە بەرد هێرشیان کردە سەر ‌هێزە ئەمنییەکان، لەو خۆپئشاندانەدا هاوڵاتییەک بەناوی حەسەن رەحمان ٤٥ ساڵە کوژراو دوو هاوڵاتی تریش بە سووکی بریندار بوون.

زیتار لە دوو مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدراوەو خزمەتگوزاری ئاو و کارەباش لە هەندێک شارۆچکەی بچووک و لادێکان خراپەو ئەمەش هێندەی تر ناڕەزایەتییەکانی زیاد کردووە.




AM:10:54:14/07/2025