عیماد ئەحمەد: یەکێتی و پارتی بەیەک سیاسەت مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەن

ئەندامێکی شاندی یەکێتی ڕایگەیاند" كۆبوونه‌وه‌کەمان له‌گه‌ڵ پارتی زۆر باش بووه‌ و بڕیارمان داوه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ یه‌ك سیاسه‌ت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین".

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌، ١٤ی ته‌ممووزی ٢٠٢٥، عیماد ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی ئه‌و حزبه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ل پارتی دیموكراتی كوردستان میدیای پارتی راگەیاند" پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان كردووه‌ و لەسەر زۆربەی بابەتەکانی پەیوەست بە مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕا بوون".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتیشی" لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان داوە لەگەڵ پارتی بە یەک سیاسەت مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن و یەک بڕیار و یەک هەڵوێستیان هەبێت".

عیماد ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاریان داوە ئەگەر شاندەکانی پارتی و یەکێتی بە جیاش سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام هەردوولا یەک سیاسەت و یەک تێڕوانینیان هەبێت کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە.

ئەو ئەندامەی شاندی یەکێتی جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لە کۆبوونەوەکەدا زۆرترین کات بۆ باسکردنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکان تەرخان کراوە و قسەی لەسەر کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بە ئامادە بوونی هەر یەک لە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو.




PM:04:57:14/07/2025