شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق لەبارەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی خورمەڵە بڵاویكردەوە'' کاتژمێر ٨:٣٠ ئەمشەو، كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە قەزای مەخمور-ی رۆژئاوای پارێزگای هەولێر، بە دوو درۆنی سەرچاوە نادیار دووچاری هێرش بووەوەو جگە لە زیانی دارایی، زیانی گیانی لێ نەكەوتەوە.''
ئاماژەبەوەشکراوە، بەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ لێكۆڵینەوە لە وردەكارییەكانی هێرشەكە.
لەلای خۆشیەوە، دژەتیرۆری کوردستان، ڕایگەیاند'' ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی تەمووز لە کاتژمێرەکانی ٢٠:٢٠ بۆ ٢٠:٢٥ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.''
بەپێی زانیارییەکانی سپی میدیا، لەو هێرشەدا کۆمپانیای کار گروپ بە ئامانج گیرابوو و یەكێك لە درۆنەکان لە نزیک وێستگەی ئاوی کێڵگە نەوتیەكە کەوتووەتە خوارەوەو کە بەشی فلتەری کۆمپانیاکەی کردوەتە ئامانج، تا ئێستا قەبارەی زیانەکانی دیاری نەکراوە.