کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی لە بەیاننامەیەکدا پشتراستیکردەوە کە رووداوێکی تەقینەوە لە کێڵگەی سەرسنگ روویداوە و بەو هۆیەوە ناچاربوون، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بوەستێنن.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەکەن و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
HKN دەڵێت" رووداوەکە کاژێر ٧ ـی بەیانی بە کاتی هەولێر روویداوە و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری تەقینەوەکە دەکرێت".
HKN هەروەها رایگەیاندووە کە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای HKN هەر ئەو کۆمپانیایەیە کە گرێبەستێکی ١١٠ ملیار دۆلاری لە ٢٩ی مانگی ٥ لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کرد.
تا ئێستا دژە تیرۆری کوردستان یا خود هیچ لایەنێکی ئەمنی لەو بارەی هۆکاری تەقینەوەکە و وردەکاری رووداوەکە زانیارییەکی فەرمیان بڵاونەکردووەتەوە.