وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند"ئەو هێرشەی ئەمڕۆ کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، بە هۆی درۆن بووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشێکی تیرۆرستی کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک. بەهۆی هێرشەکەوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای HKN ENERGYـی ئەمریکی لە نوێترین ڕاگەیێنراودا دەڵێن، هێرشەکە کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ بووە، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوەو کارەکانی کێڵگەکە بەو هۆیەوە ڕاگیراوە.
ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ کۆمپانیای زاگرۆس لە ٢٩ ی ئایاردا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا گرێبەستی دە ساڵەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ بەرهەمهێنانی غاز واژۆکرد.