کونسوڵخانەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت" پێویستە حکومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا".
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی تەمموز کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند" ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی ١٤ و ١٥ مانگی تەموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا".
کونسوڵخانەی ئەمریکا دەڵێت"پێویستە حکومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتیەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتووی عێراقدا کردووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی”.
کونسوڵخانەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند"ھانی حکومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چەند هێرشکی درۆنی کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، شەوی ڕابردوو دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە سنووری هەولێر کران و هیچ زیانێکی نەبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەش درۆنێک ئاراستەی کێڵگەی نەوتی سەرسنک کرا و بەهۆیەوە کۆمپانیای HKN ENERGYـی ئەمریکی کارەکانی لەو کێڵگەیە ڕاگرت.