وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی سەبارەت بەو هێرشە درۆنیانەی بۆسەر خاکی هەرێم کراوە وتی" هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ سەقامگیری ".
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو هێرشە درۆنیانە رایگەیاند" لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کرایە سەر، ئەوەش بە هەڕەشەی "راستەوخۆ" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ سەقامگیری ناودەبات.
سەباح نوعمان، ئاماژەی بەوەکردووە، سروشتی ئەو هێرشە تاوانکارییانە و کاتی ئەنجامدانی، ئاماژەیە بۆ بوونی نیازی "پیس" کە ئامانجی تێکەڵکردنی کارتی دۆسییەکان و زیان گەیاندنە بە عێراق و دامودەزگاکانی.
سەباح نوعمان، وتیشی" محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد و فراوان دەستپێبکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنەی لە پشتی ئەو هێرشانەوەیە، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی تووند و پێویست و لێپرسینەوە لەوانەی تێوەگلاون بەبێ ئەوەی لە هیچ کەس سڵ بکەنەوە."
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە، جەختیکردووەتەوە، حکومەتی عێراق بە سەرجەم دامودەزگاکانییەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی هەڕەشە نادات زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق بگەیەنێت و دەشڵێت "بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و پەرەپێدانی سیستمی بەرگری رێوشوێن دەگرێتەبەر، کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەو کردەوانەی کە هەڕەشەن بۆ سەروەری عێراق و گەلەکەی".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێجار سنووری پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک كەوتوونەتە بەرهێرشی درۆنی، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدواداهات.