بزوتنەوەی گۆڕان باڵی كوردسات لە راگەیەنراوێکدا جەخت لەوەدەکاتەوە کە پەرەسەندنی رووداوەکان ئاماژەی باش نین و دەڵێن" پێویستە بە زووترین کات پەرلەمان کارابکرێتەوەو حكومەت پێکبهێدرێت".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" لەو چوارچێوەیەدا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و لابردنی بارگرانی ژیانی هاوڵاتیان، بانگەوازی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی هەمو پارت و ڕیکخراوە سیاسیەکان لەناوخۆدا دەکەین، بەشێوەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بکرێتە بنەما و، هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان دوربخرێتەوە."
راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕان/ كوردسات
هاونیشتمانیانی کوردستان ..
هەرێمی کوردستان، لەناو قەیرانێکی قوڵی سیاسیی، دامەزراوەیی، ئابوری و دارایدایە، کێشە و گرفت و نەبونی خزمەتگوزاری و بێ موچەیی؛ تەنگی بە ژیان و بژێوی خەڵک هەڵچنیوە.
لەو چوارچێوەیەدا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و لابردنی بارگرانی ژیانی هاوڵاتیان؛ بانگەوازی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی هەمو پارت و ڕیکخراوە سیاسیەکان لەناوخۆدا دەکەین، بەشێوەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بکرێتە بنەما و، هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان دوربخرێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە و بۆ دەرچون لە گێژاوی بێنە و بەرەی بێئەنجام، دوپاتی چەند هەنگاوێکی کرداری دەکەین:
١. هەرچی زووە پەرلەمان کارابکرێتەوە، کابینەی نوێی حكومەت پێکبهێدرێت و دامەزراوە شەرعیەکان چالاک بکرێن.
٢. خۆمان بە دور بگرین لە هەر ململانێیەکی سیاسی لەناوچەکە و عێراق، کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێ.
٣. لەسەر بنچینەی نیشتمانی و دامەزراوەیی پەیوەندەی نێوان هەرێم و بەغدا ڕێکبخرێتەوە و دەستور بکرێتە بنەمای چارەسەری کێشەی بودجە و پرسی نەوت و گاز.
٤. هەرچی زووە هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بدرێت، بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، حکومەتی هەرێم هەمو توانا داراییەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ دابەشکردنی موچەیەک لە نزیکترین کاتدا.
٥. خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانیان فشار و خۆپیشاندان بکەن، بەکارهێنانی توندوتیژی و ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەر و خەڵکی سڤیل هێڵی سورە، پێویستە بەشێوەیەکی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکان بکرێت و بکەری شەهیدکردنی ئەو هاوڵاتیەی ناحیەی وەرتێ بدرێتە دادگا.
لە کۆتایدا، پەرەسەندنی ڕوداوەکان باشمان پێ ناڵێن، ئەرکی لایەنە سیاسیەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە؛ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەین. یەكڕیزیی بۆ داواکردنی ماف و قوتی خەڵکی کوردستان بپارێزین، نەخشەڕێگای چارەسەر بۆ مافە دەستورییەکان بەهەماهەنگی و یەکگرتووی یەکتر دابڕێژین، بۆ هەر ئەگەر و مەترسیەک؛ بڕیاری سیاسیی یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز پێکەوە بدەین. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی هەر هەنگاو و کارێکی پێکەوەیین ، کە ببێتەهۆی دەرچونی میللەتەکەمان لەو قەیرانەی بەرۆکی گرتوین.