دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتژمێرەکانی ٦ و ٦:١٥، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
هەروەها لە کاتژمێر ٧ لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کاتژمێر ٧:١٥، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیلی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی دوێنێ سێشەممە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٥ ، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنک، لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.
هاوکات ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٥ ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو.