لە کاتێکدا بەغدا داوای بڕی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێم دەکات، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" دەڵێت " بەهۆی هێرشەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، بەرهەمهێنانی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا راگیراوە".
لە راگەیەندراوێکدا ئەپیکۆر، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی سەر بە کۆمەڵەکەی لە رۆژانی ١٥ و ١٦ـی تەمموز دەکات.
" زۆرینەی کۆمپانیاکانی ئەپیکور بە ئەوانەشەوە کە بە ئامانجنەگیراون، بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرتووە کە بە گشتی بڕەکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە بۆ هەر رۆژێک".( کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، وا دەڵێت).
ئەپیکور، داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزراوی و ئاسایشی ستاف و دامەزراوەکانیان.
سەرباری ئەم لێدوانە، ئەپیکۆر دەشڵێت" کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە بە زووترین کات ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی وەبەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی".
ئاماژە بەوەش دەکات" هەرکاتێک رێککەوتن لەنێوان بەغداد هەولێر و کۆمپانیاکان کرا ئامادەن بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە".