وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت " هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان "قبووڵکراو نین" و داوایش دەکات؛ حکومەتی عێراق واز لە هەندێک مامەڵە بهێنێت کە بەرامبەر کورد دەیکات.
رۆژی چوارشەممە ١٦ ی تەموز، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کەناڵی رووداودا لە واشنتن، تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئێمە سەبارەت بەو کردەوانەی کە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان روویانداوە، بە ئاشکرا قسەمان کردووە، کاتێک دێتە سەر پرسی مووچە و دابەشکردنی نەوت، روونمان کردووەتەوە کە چاوەڕێین عێراق واز لە هەندێک مامەڵە بهێنێت کە بەرامبەر کورد بەکاری دەهێنن."
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی کردووەتە ئامانج، برووس دەڵێت "بێگومان، ئەم جۆرە هێرشانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق قبووڵنەکراون. ئێمە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆمانمان لەبارەیانەوە دەربڕیوە."
ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنها ئەمرۆ زیاتر لە شەش هێرشکراوەتە سەر کێڵگیە نەوتییەکانی هەرێم.