فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتدا هەڵبگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی دەربارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە".
فراکسیۆنی پارتی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراقی کردووە بۆ تاوتوێکردنی" ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکومەت لەمبارەوە".
داواشی لە حکومەتی عێراق کردووە کە بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات هەڵبگرێت و هەنگاوی جددی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت؛ هاوکات هێرشکارەکان ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.
فراکسیۆنی پارتی هێرشەکانی بە " پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی" وەسف کردووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هێرشەکان زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن.
ڕاشیگەیاند، زۆر بە ڕوونی دیارە، ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکانن، بە هیچ ڕەنگێک نیشتمانپەروەر نین، بەڵکو کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانیان دەگەیەنن لەسەر حیسابی گەلی عێراق و یەکڕیزییەکەی.