وردەکاری رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت و مووچە ئاشکرا دەکرێت

وەزیری دادی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە ڕێککەوتنەکەی ئەمجارەی نێوان هەولێر و بەغدا درێژخایەنە و حکومەتی عێراق مووچەی مانگی ئایار دەنێرێت و مانگەکانی دیکەش دوای وردبینی ڕەوانە دەکرێن.

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دەربارەی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت و مانگەکانی دیکەش دوای وردبینی خەرج دەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سوپاسی ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیشی کرد بۆ هاتنەئارای ڕێککەوتنەکە.

خالید شوانی وتیشی"  ڕێککەوتنەکەی ئەمجارە درێژخایەنە و تا کاتی پەسەندکردنی بودجەی داهاتوو بەردەوام دەبێت".

وەزیری دادی عێراق ڕوونیشیکردەوە کە بە پێی ڕێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت و مانگانەش ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا دەکات و ٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانەش بۆ بە کاربردنی ناوخۆییە، ئەگەر بەشی نەکرد، ئەوا حکومەتی عێراق ١٥ هەزار بەرمیلی دیکەی پێدەدات، بەڵام ئەو ١٥ هەزارە بەبێ بەرامبەر نییە."

سەبارەت بە هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم  بە گوێرەی هەندێک لە زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی وتووە کە ئامادەن لە ئێستاوە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکەن، ئەوەیش پێی راگەیاند، ئامادەین و ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە.
 
بەوتەی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

لای خۆشیەوە 
نوسینگەی رۆژنامەوانی سودانی بەم دەقە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای بڵاوکردەوە:

ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سودانی لەبارەی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم:

یەکەم: حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ سەرجەم نەوتی بەرهەم هێنراو لە کێلگەکانی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمو دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەبیت بە پێدانی ۱٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە حکومەتی عێراق، نابێت بڕی ڕادەستکراو بە حکومەتی عێراق لە ۲۳۰ هەزار بەرمیل کەمتر بێت، هەر بڕێکیش لەداهاتوو لەبەرهەم زیاد بکات بۆ حکومەتی عێراق دەبێ، حکومەتی عێراق بڕی ٥۰ هەزار لەو بڕەی ڕادەستی دەکرێت تەرخان دەکات بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم،

دووەم، ئەو بڕە پارەی لە ٥۰ هەزار بەرمیلەکە بۆ پێویستی ناوخۆ ، بۆ حکومەتی عێراق دەگێردرێتەوە، دوای دەرهێنانی خەرجیەکان، لەکاتی پێویستیش بەغدا بەرهەمە نەوتیەکان بۆ هەرێم دابین دەکات، کە لە بڕی ۱٥ هەزار بەرمیل نەوت زیاتر نەبێت.

سێیەم، حکومەتی هەرێم مانگانە ۱۲۰ ملیار دینار لەداهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا دەکات.

چوارەم، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، دیوانی چاودێری دارایی فیڕاڵی، بەهاوبەشی وەزارەتی دارایی هەرێم و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکدێت، بۆ دیاریکردنی بەشی حکومەتی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم.

پێنجەم، وەزارەتی دارایی عێراق دەستدەکات بەخەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی ۲۳۰ بەرمیل نەوت لە بەندەری جەیهان ڕادەستی سۆمۆ کرا.


 




PM:02:59:17/07/2025