سەبارەت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت" پێویستە فێل لەم رێکەوتنەدا نەکرێت و موچەی موچەخۆران تەوتین بکرێت تاوەکو ئەم کێشەیە سەرهەڵنەداتەوە".
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە " ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێککەوتننامەی نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتحادی پەسەند کردو بریاریشیدا کە مووچەی مانگێک بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە " ئەم رێککەوتننامەیەی ئێستا، یەکێکە لەو زنجیرە رێکەوتننامانەی کە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەرابردوودا لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی واژووی کردوە، بەڵام بەزۆربەیانەوە پابەند نەبووە. بۆیە هیوادارین رێکەوتننامەی ئەمجارە دوایین رێککەوتننامە بێ و زوو بە زوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرێم و حکومەتی ئیتحادیش بەسەرجەم برگەکانییەوە پابەند بن، لەوانەش رادەستکردنی نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ و لەهەمووشیان گرنگتر تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران لەسەر بانکە فیدراڵیەکان لەلایەن حکومەتی ماوە بەسەرچوی هەرێمەوە هەروەک لە بریاری دادگای فیدراڵی و مەرجەکانی حکومەتی ئیتحادیشدا هاتووەو هەروەها سەرفکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا لەلایەن حکومەتی ئیتحادیەوە. ".