هاوپەیمانی ١٩ بەتوندی هێرشكردنە سەر لێكۆڵەری دادی و چالاكوانی مافی مرۆڤ شوان سابیر گەردی سەرکۆنە دەکات و داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێكۆڵینەوەیەكی جدی لەم روداوە بكەن.
هاوپەیمانی ١٩ ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بارەی هێرشکردنە سەر شوان سابیر راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوەو دەڵێن" ئەوە زیاتر لە ٢٤ كاتژمێر لەسەر روداوەكەدا تێپەڕیوە جارێ كەس لەسەر ئەم روداوە دەستگیرنەكراوە".
لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە " كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ١٦ی تەمموز لە شەقامی ١٥٠ مەتری شاری هەولێر، بەرانبەر گوندی ئیسپانی ٢، سێ ئۆتۆمبێل رێگە بە شوان سابیر دەگرن، پاشان لە هەمو لایەكەوە پەلاماری دەدەن".
شوان بە تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ی راگەیاندوە"دوو ئۆتۆمبێلیان هاتنە بەردەمم، ئەوی تریان لە دواوە لكاندی بە ئۆمبێلەكەمەوە تا رێگەی دەربازبونم نەبێت"، وتیشی "لە هەر سێ ئۆتۆمبێلەكەوە شەش یا حەوت كەس دەبون بە بۆكس و كلكە دەمانچە پەلاماریان دام و دەیانویست لە ئۆمبێلەكەم دابەزم"، ئەوەشی خستەڕو"پاش ئەوە ماندو بون لە لێدانم و پێیان وتم، جارێكی تر قسە بە حكومەت نەڵێیت".
شوان سابیر پاش ئەوەی كە لە بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەی رزگاری چارەسەر وەردەگرێت، دەچێت لە بنكەی پۆلیسی پێرزین، داوای یاسایی تۆمار دەكات و دادوەر وتەی لێ وەردەگرێت.
شوان دەشڵێت "شەقامەكە تەنراوە بە كامێرای چاودێری حكومەت و كامێرای تایبەتی پرۆژەكان".
شوان سابیر گەردی، سەرۆكی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لە عێراق، ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارانی رێكخراوی فریاكەوتنی میللی Pao و لێكۆڵەری دادییە لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان.
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ وتوشیەتی"، بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر لێكۆڵەری دادی و رەخنەگر و چالاكوانی مافی مرۆڤ شوان سابیر دەكەین و داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكەین لێكۆڵینەوەیەكی جدی لەم روداوە بكەن بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و لە سزا دەربازیان نەبێت".