هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت " ئەگەر بانگهێشتی تورکیا بکرێم سەردانی دەکەم" و، ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە سەردانی تورکیای نەکردووە.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆسەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی تورکی بی بی سی ئاشکرای کرد" پەیوەندی و کەناڵی راستەوخۆی پەیوەندییان لەگەڵ تورکیادا هەیە و لەگەڵ ئەنقەرەدا، باس لە ناوچەکانی دەسەڵاتی خۆسەر، کێشەی کورد، چارەسەری سیاسی لە سووریا و ئەو پرسانە دەکەن کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە".
هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆسەر داوای زیاتر لە تورکیا دەکات و دەڵێت " لەگەڵ ئەوەی ئارامیی رەوشەکە لەگەڵ تورکیا وەکو پێشهاتێکی ئەرێنیی دەبینن، بەڵام بۆ بنیادنانی متمانە لەگەڵ تورکیا، پێویستە ئەو هەنگاوە پێویستانە بنرێن کە تاوەکو ئێستا نەنراون، چونکە وەکو دەزانرێت تورکیا لەڕووی سەربازییەوە ئامادەیی لە خاکی سووریادا هەیە، هەربۆیە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئەمنییەکان کە بۆ هەردوولا گرنگن، پێویستە گفتوگۆ و هەماهەنگیی زیاترمان لەگەڵ تورکیا هەبێت".
لەبارەی چەکدانانی هێزەکانی هەسەدەوە، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، "رەوشی سووریا جیاوازە، کۆمەڵگەی سووریا خاوەن تایبەتمەندیی جیاوازە، هێشتا مەترسیی گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن، لەوانەش داعش، هەربۆیە ئێمە باس لە تێکەڵبوونی هێزەکان دەکەین، زیاتر لەوەی باسی چەکدانان و چەکداماڵین بکەین."
هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆسەر دەشڵێت "دەکرێت هەسەدە ببێتە بەشێکی بەهێزی سوپای سووریا و رۆڵی بەهێز لە دابینکردنی سەقامگیریی و ئاسایش لە تەواوی سووریا بگێڕێت."