وتەبێژی حکومەتی هەرێم: بەغدا بۆ تەمویلی مووچە دوو داواکاری هەیە


 وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە بارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەگداوە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند" بۆ ئەوەی بەغدا دەست بە تەمویلی مووچەی مانگی  پێنج بکات، دوو داواکاری لە حکومەتی هەرێم هەیە، رادەستکردنی بڕی دیاریکراوی داهاتی نانەوتی و رادەستکردنی بڕی نەوتی دیاریکراو.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رۆژی پێنج شەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیایەکی نزیک پارتی رایگەیاند " تا رۆژی یەک شەممە ١٢٠ ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ و پرسی هەناردەی نەوت یەکلایی دەبێتەوە و دەبێت بەغداش فەرمانی خەرجکردنی پارەکە بدات و ئێمەش دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " حکومەتی عێراق فەرمانی خەرجکردنی پارەکەی داوە و ناردنی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی پابەندییەکان لەلایەن هەرێمەوە و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارە دێت". 

سەبارەت بە مووچەی مانگی شەش ئاماژەی بەوەدا، لە دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج، راستەوخۆ دەچنە سەر پرسی مووچەی مانگی شەش و هەمان رێکار دەگرنەبەر و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. 

ئەوە لە کاتێکدایە وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا هەرێم ١٢٠ ملیار دینارەکەی کە پێویستە وەک داهاتی نانەوتی بنێرێت بۆ بەغدا ئامادەیە، ئایا کۆمپانیاکان رازین دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکەن و هەمان بڕ کە ٢٢٠ هەزار بەرمیلە دەتوانن لە دوای بۆردمانەکانی رۆژانی رابردووەوە بەرهەمبهێنن.




PM:10:21:17/07/2025