دەمپارتی لەگەڵ جەهەپە کۆدەبێتەوە..سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە


ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار سەردانی ناوەندی گشتیی جەهەپەیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە، هەینیش سەرۆکی پەرلەمان لەگەل سەرۆکی فراکسیۆنەکان بۆ پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی پرۆسەی ئاشتی کۆدەبێتەوە.

رۆژی پێنج شەممە ١٧ ی وەفدی ئیمرالی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە کۆبوونەوە، لەو بارەیەوە پەروین بوڵدان ڕایگەیاند" لێرە بەدواوە، ئۆزەل پشتگیرییەکی بەنرخی پرۆسەکە دەکات و لەگەڵ بەڕێزیاندا، بابەتەکانی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغەکانی پاش مەراسیمی چەک لەناوبردن، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت، چاوەڕوانییەکان لەم کۆمیسیۆنە و ڕێککەوتنەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتییمان، بەشێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کرد".

پەروین بوڵدان ڕاشیگەیاند " سبەی بەڕێز نوعمان کورتولموش لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنی هەموو پارتەکان کۆدەبێتەوە".

وتیشی" ئەم کۆبوونەوەیە گرنگە، چونکە هەر پارتێک بۆچوون و پێشنیار و چاوەڕوانیی جیاوازی هەیە بۆ کۆمیسیۆنەکە" هەروەها وتیشی " ئۆزەل لە سەرەتاوە پشتگیری گرنگی لە مەسەلەی ئاشتی دەکات و تیشکمان خستەسەر گرنگی ئەم پشتگیرییە. ئێمە زانیمان کە بەڕێز ئۆزەل لێرە بەدوا پشتگیری زیاتری پرۆسەی ئاشتی دەکات و بەردەوام دەبێت". 

میدحەت سانجار ئەندامی وەفدی ئیمرالی، ڕایگەیاند " بێگومان ڕۆڵی پەرلەمان لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە، پەرلەمان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت بۆ پتەوکردنی پرۆسەی چارەسەر، دەبێت هەموو دەرفەتەکان بخرێتەگەڕ تاوەکو پرۆسەکە بەکۆمەڵایەتی ببێتەوە و ئاشتی هەموو کۆمەڵگە بگرێتەخۆ".

سانجار تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکەی سبەی بۆ کۆمیسیۆنەکە وتی "بەگوێرەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە، کات و هەلومەرجی کاری کۆمیسیۆنەکە دیاری دەکرێت. هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی ئاشتی و دادپەروەری و یەکێتیی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەکەین. بەم شێوەیە پێکەوە دەتوانین سەربکەوین".

پێکهێنانی ئەنجومەنێک بۆ پرسی چارەسەری یەکێک لە هەناگوە گرنگەکانی پرۆسەی ئاشتی دەبێت.




AM:01:16:18/07/2025