داهاتی نانەوتی دوو مانگ ڕادەستی دارایی عێراق دەکرێت

هەفتەی داهاتوو تەرازووی پێداچوونەوە (خەرجی و داهات) بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران ئامادە دەکرێت و لەگەڵ داهاتی نانەوتی هەردوو مانگەکە کە ٢٤٠ ملیار دینارە، رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق دەکرێت، لیستی مووچەی مانگی تەممووزیش تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئامادە دەکرێت.

میدیای پارتی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومەتی هەرێمەوە بڵاویکردەوە" تا ڕۆژی یەکشەممە، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران ئامادە دەبێت و دەنێردرێت بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت".

١٧ی تەممووز، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسەند کرد، کە تایبەت بوو بە هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، دوای ئەوەی کۆمپانیای سۆمۆ ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە بەندەری جەیهان وەردەگرێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکات.

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بڕیارە دوای ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی دوو مانگەکە (خەرجی و داهات)، بڕی ٢٤٠ ملیار دینار رادەستی بەغدا بکرێت وەک داهاتی مانگەکانی ئایار و حوزەیران، بە مەبەستی ناردنی مووچەی هەردوو مانگەکە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ١٢٠  ملیار دینار وەک گوژمەی یەکەمی خەمڵێنراو لە پشکی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئایار، ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات.

ئەوەی پەیوەندیدارە بە مووچەی مانگی تەممووز، سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکردووە، بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئەو لیستە ئامادە بکرێت بۆ ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە تیمێکی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت، بە مەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، لە مانگی ئایارەوە.

بەپێی سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێـم بۆ میدیای پارتی وتی،" ئەو ١٢٠  ملیار دینارەی دیاریکراوە بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانە، ئەگەری هەیە لە دوای تەواوبوونی کاری ئەو لیژنە هاوبەشە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و بەگوێرەی ئەنجامی کاری لیژنەکە، پشکی گەنجینەی حکومەتی فیدراڵی دیاری دەکرێت".






PM:03:33:18/07/2025