وتەبێژی كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ١٩ و ٢٠ی ئەم مانگە كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكەیان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
عەباس محەمەد، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، لە لێدوانێكدا رایگەیاند" دوابەدوای تەواوبونی ئامادەكارییەكان لەنێوخۆدا و ئەوەیشی كە پەیوەندی بە دەرەوە و بابەتی یاساییەوە هەیە، ئەمڕۆ وسبەی ١٩ و ٢٠ی ئەم مانگە كۆنگرەی پێنجەمی كۆمەڵ بەڕێوەدەچێت".
ئاماژەی بەوەشدا، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر و بە بەشداری نزیكەی ٩٠٠ ئەندامی حزبەكەیان بەڕێوەدەچێت.
وتیشی" كۆمەڵی دادگەری لە مێژووی خۆیدا هەمیشە لە كات و وادەی خۆیدا كۆنگرەكانی بەستووە، لەم كۆنگرەیەشدا ٧٨ كاندید ململانێ بۆ بە دەستهێنانی ٢٩ پێگەی سەركردایەتی دەكەن، كە ٢٥%ی بۆ خانمان یەكلایی بووەتەوە."