جەمیل بایک: تا گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵنەگیرێت گروپێکی دیکەی گەریلا چەک دانانێن

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند" دەوڵەتی تورکیا تائێستا هەنگاوێکی کردەیی بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری ئۆجەلان نەناوەتەوە"، دەشڵێت "تا حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت و کۆتایی بە گۆشەگیری ئۆجەلان نەهێنرێت، گرووپێکی دیکەی گەریلا بۆ چەکدانان راناسپێرین."

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان لە گفتوگۆیەک لەگەڵ تەلەفزیۆنی ستێرک تی ڤی رایگەیاند" لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هێورکراوەتەوە، بەڵام گۆشەگیرییەکە هەڵنەگیراوە و بەپێچەوانەوە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات بانگەشەی ئەوە بکات کە گۆشەگیرییەکە هەڵگیراوە".

بایک دەڵێت" دەبێت لە ئێستاوە قەدەغەکردنەکەی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و سیستەمی ئیمرالی هەڵبوەشێتەوە، ئەم داواکارییە تەنها هی ئێمە نییە، داواکاری گەل و ئەو کەسانەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیڕەوی پرۆسەکە دەکەن".

هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە لەو قۆناغەی ئێستا و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بگەڕێنەوە تورکیا، ئەو کاتە  دەچنە زیندان و دادگەیی دەکرێن، تەنانەت رەنگە سزای قورسیش بدرێن، چونکە بەپێی یاساکانی ئەوان، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە دووژمنن،  سزای ئەمەش زۆر قورسە.

بەوتەی جەمیل بایک، بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت "ئەو لێژنەیە دەبێت بەشێوەی یاسایی پێکبهێندرێت ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی پێکنەهێندرێ، هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێننەوە."

هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی کردەوە "ئەگەر تورکیا گۆڕانکاریی لە هەلومەرجی ئۆجەلان بکات، گۆشەگیری لاببات و بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەمووان بکات، یاساکانی ئازادی و یەکگرتنی دیموکراسی بەرەوپێش ببات، ئەوا بنەمایەک دروست دەبێت و دەتوانین چەک دانێین،  تا ئەمە ڕوونەدات کەس ناتوانێت داوامان لێبکات چەکمان دابنێین".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە رۆژی ١١ی تەمموزی ئەم ساڵ گرووپێکی ٣٠ گەریلایی لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە  پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک "نیازپاکییەک" چەکەکانیان سووتاند.




PM:01:55:19/07/2025