وتەبێژی حکومەتی هەرێم وادەی ڕادەستکردنی نیوەی داهاتی نوخۆی هەرێمی بۆ بەغدا ئاشکراکرد و دەڵێت"بڕی ١٢٠ ملیار دینار بۆ بەغدا دەنێردرێت".
پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە"بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بڕیارە سبەینێ ٢٠ی تەمموز ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی نوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ حکومەتی عێراق ڕەوانە بکات و بۆ ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش، بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە ڕادەست دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشداوە، دەبێت عێراق بەپێی ھەمان ئەو ڕێککەوتنەی واژۆکراوە و پەسەند کراوە ، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن و دواتریش ڕێوشوێنی پێویست بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەگرینە بەر، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە، پاشان بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش و حەوت و تەواوی مانگەکانی تر تا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەدرێت..