وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چەند مەرج وبڕیارێکی بۆ ناردنی مووچە داناوە و بەم پێیەش ناردنی مووچە جارێکی دیکە دوادەکەوێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٥ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە کە " پارەی کاش لە بەر دەستدا نییە بۆ ناردنی مووچەی هەرێم".
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دارایی عێراق چەند مەرجێکی بۆ ناردنی مووچە داناوە و وتویەتی " تا ئەم مەرجانە لەلایەن هەرێمەوە جێبەجێ نەکرێت مووچە نانێرین".
مەرجەکان بریتین لە :
یەکەم: جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە لە دوای رێکەوتنی هەرێم وبەغدا سەبارەت بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی دەرکراوە.
بە پێی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران هەرکاتێک وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ پشتراستیان کردەوە کە هەرێم ٢٣٠ هەزار بەرمیلی رادەست کردووە، ئینجا پارەی موچەی مانگی ٥ دەنێردرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان دەڵێت" لە ئیستادا بەهۆی هێرشە درۆنییەکان ئاستی بەرهەمهێنانمان ئەوەندە نییە".
دووەم: تەیف سامی ٣ لیژنەی دیاریکردووە، یەکەم بۆ دیاریکردنی داهاتی نانەوتی هەرێم لە ماوەی ١٥ رۆژ و دیاریکردنی دەستنیشانکردنی پشکی عێراق لە داهاتی نانەوتی، دووەم لیژنەیەک بۆ تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و سێیەم لیژنەیەکیش بۆ دیاریکردنی زیادەرەویی لە (ئینفاقی فعلی) لەسەر کۆی پشکی مووچەی هەرێم.