سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان بێئومێدکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لێدانە لە ئابووریی کوردستان و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان سەقامگیری نەبێت.
سەگڤان سندی، پەرلەمانترای فراکسیۆنی پارتی کە سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند" لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی پێنج کەسی پێکھاتووە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و بڕیارە ئەو لیژنەیە سەردانی سەرجەم ئەو شوێنانە بکات بۆ لێکۆڵینەوە، کە درۆنیان ئاڕاستە کراوە و لیژنەکە لێکۆڵینەوەی ورد دەکات لەبارەی ھێرشە درۆنییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکەن و دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و ئەوانیش دواتر ڕەوانەی سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراقی دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنە بەر".
سندی وتیشی" پێشتریش لیژنەی دیکە لەبارەی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان پێکھێندراون، چونکە ئەوەی دەکرێت جاری یەکەم نییە و چەندین جارە ئەو ھێرشانە دووبارە دەبنەوە، بۆیە ھۆکاری ئەو ھێرشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەر کاتێک ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە یەک نزیک دەبنەوە، ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێئومێد بکرێن، جگە لەوەش ئەوە لێدانە لە ئابووریی کوردستان و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان سەقامگیری نەبێت".
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەشڵێت" گەر حکومەتی عێراق جددی بێت، بە ئاسانی دەتوانێت شوێنی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان ئاشکرا بکات، بۆیە پێویستە ئەمجارە بە جددی کاری لەسەر بکرێت و ڕێکار بەرامبەر ئەوانە بگرنە بەر کە ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان دەکەن، کە بڕیارە ئهم ھەفتەیه ئەو لیژنەیەی پێکھاتووە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکان دەست پێبکات".
لە چەند ماوە رابردوودا نزیکەی ٢٠ هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە پێنجیان کێڵگە نەوتییەکانیان کردووە ئامانج وئەوانی دیکەش بەر شوێنی سەربازی کەوتوون و ٥ کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بریتین لە: خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنگ، باعەدرێ و پیشابوور، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانێکی زۆر بەرکێڵگە نەوتییەکان گەشتوە و هەروەها بەرهەمهێنانی نەوت تێیاندا ڕاگیروە و لە چەندین لایەنی عێراقی و نێودەوڵەتی ئیدانەی هێرشەکان کراوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمارکراوە.