وەرزی بە بازاڕیکردنی گەنم کۆتایی هات و لە هەرێمی کوردستان ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و ڕادەستی عێراق کراوە.
سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی بۆ کاروباری بارزگانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند'' ئەمساڵ پلانی وەرگرتنی حکومەتی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم بووه، بەو شێوەیەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ١٤٥ هەزار تۆن و لە پارێزگای هەڵەبجە ١٣ هەزار تۆن و لە پارێزگای هەولێر١٢٢ هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش ١١٧ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.''
باسی لەوەش کرد، توانیویانە گەنمی جوتیارانی سنووری مادەی ١٤٠ وەربگرن کە ٢٦ هەزار تۆن دانەوێڵە لە گوێڕ و مەخمور و دیبەگە وەرگیراون، لە شێخانیش ٩ هەزار تۆنمان وەرگرتووە، لە ڕوڤیاش ٢١ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە لە جووتیارانی عەرەبی دەشتی نەینەوا.
هاوکات، ئەو گەنمەی ماوە و هی جووتیارانە، دەتوانن ڕادەستی دوو کۆمپانیای خۆماڵی بکەن و بڕەکەی هەر چەند تۆنێک بێت ئەوان دەیکڕنەوە بۆ گەنمی پلە یەک ٥٥٠ هەزار دینار، و گەنمی پلە دوو ٥٢٥ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.