ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاند'' کاروانێکی هاوکاریان بۆ سوەیدا ئامادەکردوە و ڕەوانەی ئەو پارێزگای دەکەن.''
ئیدارەی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمەبەستی پشتگیریکردنی خەڵکی سوەیدا، ئامادەکردنی کاروانی هاوکاریی مرۆیی بەپەلەیان بۆ ئەو شارە تەواو کردوە.
لە ئێستادا، چاوەڕەوانی ڕێڕەوێکی سەلامەتن، تا بگەیەنرێتە دانیشتوانی سوەیدا، کاروانەکە لە پێداویستی پزیشکیی و مرۆیی پێکدێت، بەگوێرەی داواکاری خەڵکی سوەیدا ئامادەکراوە.
ئیدارەی خۆسەر لەڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەشکردوە، پلانیان داناوە تاوەکو لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا کاروانەکە بگاتە سوەیدا.
لەلای خۆشیەوە، ئیلهام ئەحمەد، ڕایگەیاند'' ئامادەن بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بەرەو سوەیدا و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە فشاری پێویست بکەن بۆ ئاسانکردنی ئەم ڕێڕەوە مرۆییە.''